”هەنگاو“ وەکوو یەکەم ماڵپەڕ هەواڵی لەسێدارەدانی هاوولاتییەکی ئیلامی بڵاو دەکاتەوە

١٢ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٢:٥٩
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام لەسێدارە دراوە و هەواڵەکەی بۆ یەکمجار لەلایەن ”هەنگاو“ و پاش نزیکەی ٤٥ ڕۆژ بڵاو دەکرێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٢٧ی بەفرانبار / ١٧ی ژانویە)، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی ئابدانان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کراوە. هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری ئابدانان ناسننامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ”ئیحسان یەعقووبی“ تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی غوڵام ڕەزا ڕاگەیاندووە. ئیحسان یەعقووبی سێ ساڵ بەر لە ئیستا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی هاوڕێیەکی خۆی دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادووەریی حکومەتی ئێرانەوە حوکمی سیدارەی بەسەردا سەپێندرا. تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە زێدی خۆی واتە گوندی ”ئەنجیرە“ سەر بە شاری ئابدانان ئەسپەردە کراوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە