حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەندکراوێکی کورد بۆ ١٥ ساڵ کەم کرایەوە

١٤ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٤:٤٦

هەنگاو: حوکمی بەندکرانی بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی سەڵماس ڕاگیراوە کەم کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی  ”نەزمین حەیدەری“ بەندکراوی سیاسی کورد کە ٥ ساڵە لە بەندیخانەی سەڵماس ڕاگیراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری خۆیەوە بۆ ١٥ ساڵ کەم کرایەوە.

ماڵپەڕێ (ماف نیوز) لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو حوکمە کۆتایی مانگی ڕیبەندانی ١٣٩٦ بەناوبراو ڕاگەیندراوە.

نەزمین حەیدەری خەڵکی سەڵماس لە پارێزگای ئورمیەیە کە بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سەڵماس بە تۆمەتی “دژایەتی خودا لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران” حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە