ئورمیە/ هاووڵاتییەکی کورد لەسێدارە درا + ئامار

١٤ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٥:١٨

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٥ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی دوشەممە (١٤ی ڕەشەممە / ٥ی امرد)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد کە بەندیخانەی (دەریا)ی ئورمیە جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری ”هەنگاو“، ناسننامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ”ئەبووبەکر سەلیمی“ خەڵکی شاری ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

ئەبووبەکر ١٠ ساڵ پێش بە تۆمەتی ”کوشتنی ئەنقەست“ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوو.

پێشتر دایکی ئەبووبەکر لە ڕێگەی ”هەنگاو”ەوە داوا لە تێکڕای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چالاکانی ئەو بوارە کردبوو کە هاوکاریان بن بۆ وەرگرتنی لێبوردنی بنەماڵەی ”کوژراو”ەکە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئیلام، کرماشان و ئورمیە لەسێدارە دراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە