دەروێشێکی لوڕستانی لە بەندیخانەیکی تاران کوژرا

١٤ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٦:١١

هەنگاو: یەکێک لە ئەندامانی ڕێبازی "دروێشانی گونابادی" کە کورد و خەڵک شاری ئەلیگوودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستانە و لە تاران دەسگیر کراوە، بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

ماڵپەڕی (مەجزووبانی نوور) کە زمانحاڵی سەرەکیی دەروێشانی گونابادییە لەمبارەوە بەڵاوی کردووەتەوە "محەمەد راجی" دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسی تارانەوە دەستگیر کراوە، لە گرتنگەی ئەمنیی ئەو شارە بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەوەش کردووە محەمەد راجی، پێشتر یەکێک لە کادیرانی سوپای پاسداران بووە، بەڵام بە فەرمی وازی لە سوپا هێناوە و لە دوایین خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی تاران، کە تێیدا دەروێسانی گونابادی گیران، لە شەققامی پاسدارانی تاران دەستگیر کراوە.

بە گوتەی بنەماڵەکەی لەلایەن لێپرسراوانی بنکەی ئەمنیی "شاهپوور"ی تارانەوە ئاگادار کراونەتەوە و سەردانیان کردووە و بۆیان دەرکەتووە، لە کاتی لێپرسینەوەدا بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

محەمەد ڕاجی، لەدایکبووی 1961ی شاری ئەلیگوودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستانە و ماوەی نزیکەی 14 ساڵە وازی لە سوپای پاسداران هێناوە و لە شوێنی لەدایکبوونی سەرقاڵی کاری وەرزێڕی بووە و خاوەنی پێنج منداڵە کە ئێستا یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی "محەمەدعەلی راجی" دەستگیر کراوە لە گرتووخانەی فشافویە (گرتنگەی ناوەندیی تاوانی گەورە" لە باشووری ئەو شارە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە