مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی تازەلاوێک لە لوڕستان هەیە

١٥ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٤:٠٥
هەنگاو: هاوکات لەگەڵ بوون بە ١٨ ساڵ، ئەگەری جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی محەممەد کەلهوڕ لەئارادایە. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، محەممەد کەلهوڕ، هاوکات لەگەڵ هەژدەهەمین ساڵڤەگەڕی لەدایکبوونیدا، لە ناوەندی " ئیسڵاح و تەربییەت "ی لوڕستانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی برووجێرد گوازراوەتەوە. ناوبراو کە یەکی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی و لە تەمەنی ١٥ ساڵەییدا بە تاوانی کوشتنی مامۆستای فیزیک لە قوتابخانە دەستبەسەر و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە گووزراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی کە گەورەساڵانی لێ ڕادەگیرێت. حەسەن ئاقاخانی، پارێزەی محەممەد کەلهوڕ لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە پەڕگەی ئەم تازەلاوە هاوکات لەگەڵ گوازرانەوەی بۆ گرتووخانەی ناوەندی، دراوە بە لقی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادگا و هەنووکە مەترسیی جێبەجێکردنی ئەو حوکمە کە پێشتر دەرچووە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەنی تاوانبار، لەلایەن دادگای باڵاوە پشتڕاست کراوەتەوە، لەئارادایە. کومیساریای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ژانوویەی ئەمساڵدا لە ئێران، حوکمی لەسێدارەدانی سێ کەسی دیکە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا کەمتر لە هەژدە ساڵ بوونە، بەڕێوەچووە. هەروەها بەپێی ئاماری ئەو ناوەندە، هەنووکە هەشتا کەسی دیکە لە ئێراندا بە هەمان شێوە بە گەییشتن بە تەمەنی یاسایی مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمەکانیان لەسەر دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی ئێران ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، بڕیارنامەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی واژۆ کردووە، کە بەپێی ئەو بڕیارنامەیە، دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی بۆ منداڵانی ژێرتەمەن ١٨ ساڵ قەدەغەیە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە