خۆکوشتنی ٦٠ ژن و کوژرانی ٢٨ ژن لە مارسی ٢٠١٧ هەتا مارسی ٢٠١٨

١٦ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٣:٠٨

هەنگاو: ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر خۆکوشتنی ژنان و کوژرانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ لە مارسی ٢٠١٧ هەتا مارسی ٢٠١٨ لەسەر یەک ٦٠ ژن و کچی کورد  کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٢٧ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە، ١٦ کەسیان خەڵکی ئورمیە، ١٤ کەسیان خەڵکی کرماشان و ٣ کەیشیان خەڵکی ئیلام بوون.

٢٠ حاڵەتی خۆکوشتنەکان واتە نیزیکەی ٣٣٪ی کۆی ئەو ژنانەی خۆیان کوشتووە و ناویان لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو” تۆمار کراوە تەمەنیان لە ژێر ٢٠ ساڵ بووە و کەم تەمنترینیشیان کچێکی ١٠ ساڵان بووە.

شێوەی خۆکوشتن

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٢٣ کەس لە ڕێگەی خۆهەڵواسین، ١٧ کەس لە ڕێگەی خۆسووتاندن، ١٠ کەس لە ڕێگای خواردنی حەب، ٣ کەس لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەک و دوو کەسیش لە ڕێگای خۆفڕێدان لە بەرزایی و خۆ خستنە ناو ئاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و شێوەی خۆکوشتنی ٥ کەسیش نادیارە.

هۆکارەکانی خۆکوشتن

زیاترین ڕیژەی خۆکوژییەکان کە ٢٨ حاڵەت بووە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە بووە. هەروەها ٦ کەسیش بە هۆی هەژاری و دەستکوردتی، ٣ کەس بە هۆی بە شوودانی بە زۆرە ملی، ٢ کەس بە هۆی قەبووڵ نەبوون لە ئەزموون و کەسێکیش بە هۆی ئیزن نەدان بە بەکارهێنانی مۆبایل خۆیان کوشتووە و هۆکاری خۆکوشتنی ٢٠ کەسیش بۆ “هەنگاو” ڕوون نەبووەتەوە.

کوژرانی ژنانی لە ساڵی ڕابردوودا

بە پشتبەستن بە ئاماری “هەنگاو”، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٨ ژن و کچی کورد کوژراون کە ٢١ کەسیان بە دەستی کەسانی نیزیکی خۆیان وەکوو باوک، برا، هاوژین، مام و… کوژراون و ٧ کەسیش بە دەستی کەسانی نەناسراو کوژراون.

لە کۆی ئەو ژنانەی کە کوژراون ١٣ حاڵەت لە پارێزگای کرماشان، ٧ حاڵەت لەپارێزگای ئورمیە و لە هەر کام لە پارێزگاکانی سنە و ئیلامیش ٤ حاڵەت تۆمار کراوە.

شێوەی کوژران

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ١٧ کەس لە ڕیگای بەکارهێنانی چەک، ٥ کەس بە چەقۆ، ٢ کەس بە هۆی لێدان، ٢ کەس لە ڕێگای خنکان و کەسێکش لە ڕێگای دەرمانداو کردنەوە کوژراوە.

بە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن و کوژرانی ژنان بە هۆی دۆخی ئەمنیەتی زال بە سەر کۆمەڵگا و هەروەها نەریتی بوونی کۆمەلگا بڵاو نابێتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە ڕێژەی خۆکوژی لە کوردستان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە کە لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو” تۆمار کراوە.

بە کارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕیگەپێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە