دەستبەسەر کردنی هاوسەر و دوو منداڵی ۱۳ و ٥ ساڵانی چالاکێکی مەزهەبی
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران لە فرۆکەخانەی تەورێز هاوسەر و دوو منداڵی چالاکێکی مەزهەبیی خەڵکی مەریوانیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، رۆژی شەمە (۱۲ی رەشەمە/۳ی مارس) هاوسەر دوو منداڵی چالاکێکی مەریوانیی پەنابەر لە تورکیایان لە فرۆکەخانەی تەورێز دەستبەسەر کرد.
ئەو چالاکە مەزهەبییە بە ناسناوی بارزان فارووقی و خەڵکی مەریوان بە هۆی فشاری هێزە ئەمنییەکانەوە دوو ساڵ بەر لە ئێستا زێدی خۆی بەجێهێشت.
ئەو چالاکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە “هەنگاو”ی راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان هاوسەرەکەم بەناوی "شەتاو فارووقی" و دوو منداڵم بە ناوەکانی "محەمەد ۱۳ ساڵ و ئاڵا ٥ ساڵ"یان لە رێگەی گەڕانەوە لە ئیستنبوڵەوە بۆ تەورێز دەستبەسەر کرد.
بارزان لە درێژەدا گوتی کە محەمەد لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە کە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە دەست و لاقی شکاون و توانای رێگەرۆیشتنی نیە.
محەمەد و ئاڵا پاش ٣ رۆژە ئازاد کراون، بەڵام شەتاو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە راگوێزراوەو هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نیە.