زۆرانبازێک لە کرماشان و پیاوێکی ٥٠ ساڵ لە دیواندەرە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

١٨ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٨:٤٤

هەنگاو: خۆکوشتنی هاووڵاتییانی کورد بە هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت و تەنیا لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٦ هاووڵاتیی کورد خۆیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە (١٧ی ڕەشەممە / ٨ی مارس)، زۆرانبازێکی لاوی خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان بەناوی ”ئەمین ڕەزایی“ خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زۆرانبازە کوردە بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە ناوبراو لە نامەیەکدا کە پێش خۆکوشتنی بە جێی هێشتووە نووسیویە کە لە ژیان بێ زار بووم و هەر بۆیە بڕیارم داوە کۆتایی بە ژیانی خۆم بێنم.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە (١٣ی ڕەشەممە / ٤ی مارس)، پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی ”سدیق شابازی“ بە هۆکارێکی نادیار لە شاری دیواندەرە خۆی هەڵواسیوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٦ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە