پیرانشار/ بە هۆی تەقینەوەی مینەوە چوار کۆڵبەر بوون بە قوربانی + وێنە

١٨ ڕەشەمە ٢٧١٧، ٢٢:٣٤

هەنگاو: بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار کۆڵبەرێک گیانی لە دەست دا و لانیکەم سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (١٨ی ڕەشەممە / ٩ی مارس)، پۆلێک کۆڵبەری  کورد لە سنووری پیرانشار و لە شوێنێک بە ناوی ”پەتک“  دوای ئەوەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێکرا چوونە ناو کێڵگەیەکی مێن ڕێژکراو و لە ئاکامدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کۆڵبەرێک گیانی لە دەست دا و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە پیرانشار ڕایگەیاند کە لەو ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی ”ئەمیر شاڵی“ لاقێکی لە دەست داوە و بە هۆی درەنگ گەیاندنی بە ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەست داوە.

هەروەها سێ کۆڵبەری دیکەش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە و بریندار بوون و یەکێکیان هەر دوو لاقی پەڕیوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسننامەی ئەو سێ کۆڵبەرە بۆ ”هەنگاو“ ئاشکرا نەبووە.

 

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە