دادستانی مەریوان دژایەتیی ئازادبوونی گیراوانی پشتیوانی عەفرینی کرد

٢٢ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٩:١٧

هەنگاو: دادستانی گشتیی حکومەت لە مریوان دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئازادبوونی بە بارمتەی گیراوانی رۆژی رابردووی ئەو شارە دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی “هەنگاو”، ئەمڕۆ سێ شەمە (۲۲ی رەشەمە/۱۳ی مارس) لە کاتێکدا بڕیاربوو ۹ چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان کە لەکاتی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە عەفرین دەستەسەر کرابوون، ئازاد بکرێن، بەڵام دادوەری حکومەت لە مریوان دژایەتی لەگەڵ ئازادیی دەستبەسەر کراوان دەربڕی.

سەرچاوەیەک لە مەریوان لە درێژەدا رایگەیاند،  بڕیار بوو دەستبەسەر کراوان بە کفالەتی کارمەند یان فیشێکی مووچەی ٥ ملیۆن تمەنی ئازاد بکرێن، بەڵام عەلیزادە دادستانی مەریوان بڕیاری داوە کە ئەمشەو دەبێ لە گرتنگە بمێننەوە و دواتر بە بارمتەی ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد بکرین.

بە وتەی ئەندامی بنەماڵەی یەکێک لە دەستبەسەر کراوان، کەسوکاری گیراوان و پارێزەرەکانیان هەتا کاتژمێر ۲ لەبەردەم لقی ۲ی دادگا چاوەڕوانی ئازادیی کوڕەکانیان بوون بەڵام بڕیاری دادستانی حکومەت تووشی بێ هیوایی کردن.

هەروەها گوتیشی کە هێزی ئینتزامی سکاڵای لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە و تۆمەتەکەشیان تێکدەری و ئاژاوە نەنانوە راگەیاندراوە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەمە ۱۱ کەس لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان لە کاتی پشتیوانی لە عەفرین دەستبەسەر کران و ئەمڕۆ بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونتەوە.

هەتا ئێستا ناسناوی ۹ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە بە ناوەکانی (عەدنان حەسەن پوور، محەمەد دانش، ناسێح بخیشی، ئارمان غەفووری، فەرامەرز محەمەدی، دیار یەزدانی، ئەحمەد ئێرانپەنا، هیوا فەدایی، هیوا نادری) راگەیەندراوە.

ناسناوی دوو کەس لە گیراوان کە ژن بوون بۆ هەواڵنێری هەنگاو روون نەبۆتەوە و دوێنێ شەو ئازاد کراون


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە