گیراوانی مەدەنیی مەریوان بە دانانی بارمتە ئازاد کران

٢٣ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٩:٠٠

هەنگاو: چالاکانی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی دوو ڕۆژ پێش لە مەریوان، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی “هەنگاو”، ئەمڕۆ  چوارشەمە (٢٣ی رەشەمە/١٤ی مارس)، ۹ چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان کە لەکاتی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە عەفرین دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە مەریوان ڕایگەیاند کە عەنان حەسەنپوور بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تمەنی و ٨ کەسی دیکەش بە دانانی کەفاڵەتی کارمەند کە بڕی ٥ میلیۆن بووە ئازاد کراون.

سەرچاوەیەک لە مەریوان ڕایگەیاند،  بڕیار بوو دەستبەسەر کراوان دوێنێ بە کفالەتی کارمەند یان فیشێکی مووچەی ٥ ملیۆن تمەنی ئازاد بکرێن، بەڵام عەلیزادە دادستانی مەریوان بڕیاری دابوو کە دوێشەو دەبێ لە گرتنگە بمێننەوە و دواتر بە بارمتەی ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد بکرین.

بە وتەی ئەندامی بنەماڵەی یەکێک لە دەستبەسەر کراوان، کەسوکاری گیراوان و پارێزەرەکانیان، دوێنێ هەتا کاتژمێر ۲ لەبەردەم لقی ۲ی دادگا چاوەڕوانی ئازادیی کوڕەکانیان بوون بەڵام بڕیاری دادستانی حکومەت تووشی بێ هیوایی کردن.

پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەمە ۱۱ کەس لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان لە کاتی پشتیوانی لە عەفرین دەستبەسەر کران و ئەمڕۆ بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونتەوە.

هەتا ئێستا ناسنامەی ۹ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە بە ناوەکانی (عەدنان حەسەن پوور، محەمەد دانش، ناسێح بخیشی، ئارمان غەفووری، فەرامەرز محەمەدی، دیار یەزدانی، ئەحمەد ئێرانپەنا، هیوا فەدایی، هیوا نادری) ڕاگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە