نوێنەری ئیلام: تالب بەساتیوەند جەڵتە لێی داوە/ بنەماڵەکەی ڕەتی دەکەنەوە

٢٣ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٩:١٨

هەنگاو: نوێنەری ئیلام لە مەجلیسدا، هۆکاری گیانبەختکردنی تالیب بەساتیوەندی، لێدانی جەڵتە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، هەواڵدەریی ئیرنا وەکوو هەواڵدەرییەکی حکوومەتی لە ئێراندا، قسەکانی جەلال میرزایی، نوێنەری ئیلام لە مەجلیسدا لەبارەی گیانلەدەستدانی تالیب بەساتیوەندی بڵاو کردووەتەوە.

ئەو نوێنەرە ئیلام ڕایگەیاندووە: " بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، تالیب بەساتیوەند لە ئۆرژانسی شاری مەلەکشاهی کاری کردووە و پاش ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراوە. "

ناوبراو درێژەی داوە: " تالیب کە پێوەندیی لەگەڵ دەرەوەی وڵاتیش بووە، پاش گیران و گوازرانەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی، لە بەندێکدا کە ١٨ کەسی دیکەی لێ بووە، جەڵتە لێی داوە و مردووە. "

تالب بەساتی‌وەند، خوێندکاری رشتەی پزیشکیی زانکۆی ئیلام بوو کە رۆژی شەممە (٢٩ی رێبەندان، ١٨ی فێڤریە) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی باوکیدا دسەتبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوویەوە.

ماڵپەڕی “هەنگاو”، لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە، کە رۆژی یەکشەممە (٦ی رەشەمە، ٢٥ی فێوریە) ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەی بەساتی‌وەندیان ئاگادر کردۆتەوە کە کوڕەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام گیانی لەدەست داوەو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی ئتلاعات بکەن.

ئەو خوێندکارە کوردە، سەرەتای ئەمساڵ(٢٠١٨) بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەدژی حکومەت، دەستبەسەر و بۆ شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە “هەنگاو”ی راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای ئەوەی ماڵی ئەو خوێندکارە کوردەیان پشکنیوە و دوو ئاڵای کوردستانیان دۆزیەتەوە، دەستبەجێ ڕاپێچی شوێنێکی نادیاریان کردووە و هەتا ئەو کاتەی ئیتلاعات بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بێن تەرمەکەی ببەنەوە، کەس لە چارەنووسی ئاگادار نەبووە.

ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی بەساتی وەند کردبوو کە ئەگەر هەواڵی کوژرانی رۆڵەکەیان میدیایی بکەنەوه ئیزنی بەڕێوەبردنی رێورەسمی بەخاکسپاردن و سەرەخۆشییان پێنادرێ.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بەساتیوەند لەبارەی قسەکانی نوێنەری حکوومەتیی ئیلام لە مەجلیس بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەو نوێنەرە هیچ لەگەڵ بنەماڵەی بەساتیوەند پێوەندی نەگرتووە و تەنیا ئەو قسانەی کە ئیدارەی ئیتلاعات داوای لێ کردووە، لە مەجلیس دووپات کردووەتەوە.

چەند ڕۆژ پاش گیانبەختکردنی ئەم خوێندکارە کوردە، حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە کوردە، ئەندامی تەشکیلاتی ئەو حیزبە بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە