کوژران و برینداربوونی ٢١٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی

٢ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٠١:١٧

هەنگاو: ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێش، ٥٣٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردیدا، ٢١٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی یان بەهۆی ڕووداوی سروشتییەوە بوون بە قوربانی.

ئەم ڕێژەیە بە نیسبەت ساڵی پێشوو کە ١٤٣ حاڵەت بووە، ٧٦  حاڵەت واتە زیاتر لە ٥٣% هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە.

کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی “هەنگاو”، لە کۆی ٢١٩ قوربانیی ئەمساڵدا، ٧١ کەس گیانیان لەدەست داوە.

هەر بەپێی ئەم ئامارانە، لەو ٧١ کەسە، ٥٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ١٦ کاسبکاری کورد لە جاددەکانی کوردستان و ئێران گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئاماری کوژراوەکان لە ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٧١٦ کە ٦٦ کەس بوون، ٧.٥% هەڵکشاوە.

بە سەرنجدان بە ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لە ساڵی ٢٧١٧دا، ٤٦ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران، ٩ کەس بە هۆی ڕاوەدوونانی ئەو هێزانە و کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان، ٧ کەس بە هۆی ڕنووی بەفرەوە و هەروەها یەک کەس بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون.

بە جیاکاریی پارێزگاکانی کوردستان، پارێزگای ئورمیە بە ٤٩ کوژراو ، زۆرترین کوژراوی بووە و پارێزگای سنە ١٩ کەس و پارێزگای کرماشان ٣ کوژراویان لە ساڵی ٢٧١٧دا تێدا تۆمار کراوە.

برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی “هەنگاو”، لە کۆی ٢١٩ قوربانی لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردیدا، ١٤٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون.

ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ٧٧ کەسی ساڵی ڕابردوودا، ٩٢% هەڵکشاوە.

ئامارەکانی ناوەندی ئاماری “هەنگاو” دەریدەخەن، لەو ساڵەدا، ٧٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران، ٣١ کەس بەهۆی پێکدادانی ماشێن، ١٩ کۆڵبەر و کاسبکار بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزەکانی حکوومەت و کەوتنەخوارەوە لە چیا و بەرزاییەکان، ١٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین و ٢ کەس بەهۆی ڕنووی بەفر و سەرمابردووییەوە بریندار بوون.

هەروەها  سێ کۆڵبەریش بە هۆی فڕێدانی بەرد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، کەوتنە ژێر کۆڵ و گازگرتوویی برینداربوون.

لە کۆی ئەو ١٤٨ کۆڵبەر و کاسبکارەی کورد کە بریندار بوون، ٧٢ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە، ٦٦ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە و ١٠ کەسیشیان خەڵکی  پارێزگای کرماشان بوون.

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپیدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە