دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ١٠ چالاکی مەدەنی لە سنە

٢ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٩:٣٣

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، لانیکەم دە چالاکی مەدەنیی خەڵکی  سنەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ( ٢٩ی ڕەشەممە / ٢٠ی مارس)، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لانیکەم ١٠ چالاکی مەدەنیی شاری سنەیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری سنە بەدواداچوونی بۆ ناسنامەی دەستبەسەرکراوان کرد و ناسنامەی هەشت کەس لە دەستبەسەرکراوانی دەست کەوتووە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، موسلم سەعیدپوور، سالار کازمی، عێرفان ساعێدپەنا، ئومید شێخی، ڕامین ساڵحی، خەلیل مینبەری، سدێق ڕۆستەمی و موحسین ڕەزەوی ناسنامەی ئەو کەسانەیە کە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا، ناسنامەی دەستبەسەرکراوانی دیکە بۆ “هەنگاو” ڕوون نەبووەتەوە.

دەوترێت کە سێ کەس لەو چالاکە مەدەنییانە، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ دەستبەسەرکراوانی دیکە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە