هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە گوندی نێ ڕەشبگیری دەکەن

٣ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٠٤:٢٨

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە گوندی نێ دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، رۆژی چوارشەممە (١ی خاکەلێوە / ٢١ی مارس)، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، پاش دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی کورد لە گوندی نێ، بۆ شوێنێکی نادیاری گواستنەوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە کە ناسنامەیان حەمید تۆفێقی کوڕی محەمەد، کۆسار ئەرژەنگی کوڕی ڕەفێق و ساڵح ئومیا کوڕی عوسمان ڕاگەیەندراوە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر کراون.

هەروەها دە کەس لە دانیشتووانی ئەو گوندە بانگهێشت ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٦ کەسیان بۆ “هەنگاو” ڕوون بووەتەوە.

هێزەکانی حکوومەتی ئێران، ڕۆژەکانی سێشەممە و چوارشەممە هێرشیان بردە سەر گوندی نێ و بە کەڵکوەرگرتن لە گازی فرمێسكڕێژ پێشیان بە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە