سنە/ دەستبەسەرکرانی ١٣ چالاکی مەدەنی و ناڕوونی چارەنووسی یەکێکیان
هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، لانیکەم ١٣ چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنەیان دەستبەسەر کردوە و چارەنووسی کەسێکیان نادیارە
بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ( ٢٩ی ڕەشەممە / ٢٠ی مارس)، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لانیکەم ١٣ چالاکی مەدەنیی شاری سنەیان دەستبەسەر کرد.
هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری سنە بەدواداچوونی بۆ ناسنامەی دەستبەسەرکراوان کرد و ناسنامەی ئەو ١٣ چالکە مەدەنی و فەرهەنگیەی بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاند؛
بە پێی ڕاپۆرتەکە ، موسلم سەعیدپوور، سالار کازمی، عێرفان ساعێدپەنا، ئومید شێخی، ڕامین ساڵحی، خەلیل مینبەری، سدێق ڕۆستەمی، موحسین ڕەزەوی، ئازاد لوطفی پور، جەلال خودامورادی ، سەیران سەعیدپوور، موحسین مورادی و مێهران محەممەدی دەستبەسەر کراون.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ١٢ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە ئازاد بوون و تەنیا چارەنووسی عێرفان ساعێدپەنا ناڕوونەو بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
عێرفان ساعدپەنا، تەمەن ٣١ ساڵ، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی خوارەزمی تارانە.