سەڵماس/ دەستبەسەرکرانی سێ کەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز

٥ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٠١:١٧

هەنگاو: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەڵماس، سێ چالاکی مەدەنیی کوردیان بانگهێشت و دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ڕۆژی سێشەمە ٢٩ی ڕەشەمەی ٢٠١٧ی کوردی (٢٠ی مارس)، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە سەڵماس، سێ هاووڵاتیی کوردیان بانگهێشت کرد.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و بەڕێوەبردنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، لێپێچینەوەیان لێ کراوە.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە سەڵماس، ناسنامەی ئەو سێ هاووڵاتییەی، مەحموود جەباری، ئەمین جێداری و حەمدوڵڵا کارساز ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو ڕایگەیاند لە حەمدوڵڵا پاش لێپێچینەوە و هەمان ڕۆژ، ئازاد کراوە، بەڵام ئەمین و مەحموود، پاش دوو ڕۆژ و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

لەو چەند ڕۆژەدا، زیاتر لە ٣٠ چالاکی مەدەنیی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە