حوکمی بەندکرانی ئەفشین حوسێن پەناهی، پشتڕاست کرایەوە

٦ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٦:٤٠

هەنگاو: دادگای پێداچوونەوەی سنە، حوکمی بەندکرانی ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی کوردی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئەم چالاکە کوردە کە پێشتر هاوکاریی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی دەکرد، ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ی کوردی (٢٥ ئوکتوبری ٢٠١٧) لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی سەعیدی، بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، ٨ ساڵ و نیو بەندکرانی بەسەرداسەپابوو.

ئەم حوکمە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، پشتڕاست کرایەوە.

ئەفشین حسێنپەناهی، پاش دەستبەسەرکرانی ڕامین حسێنپەناهی لە ڕێکەوتی پەنجی پووشپەڕی ٢٧١٧ی کوردی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە، ساڵی ٢٧١٠ی کوردی، پاش بەدواداچوونی بۆ پەڕگەی گیانلەدەستدانی ئەشرەف حسێنپەناهی، کە پەڕگەیەکی ناڕوون و جێی گومان بوو، بە تۆمەتی بانگەشە دژی نیزام، یەک ساڵ بەند کرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕامین حسێنپەناهی، چالاکی سیاسیی کورد، ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ٢٧١٧ی کوردی لە شاری سنە بە برینداری دەستبەسەر کرا و دوستر لە ڕێکەوتی٣ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا (٢٥ی ژانوویەی ٢٠١٨) بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامیەتی لە حیزبی کۆمەڵە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی سەعیدی و کەسێکی دیکە، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە