دەستبەسەر کردنی ۳۷٠ کەس لە کرماشان لەژێر ناوی کۆکردنەوەی تووشبوان بە مادەی هۆشبەر

٨ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٧:٢٠

هەنگاو: فەرماندەیەکی هێزی ئینتزامی حکومەتی ئێران لە کرماشان رایگەیاند کە لە چەند رۆژی رابردوودا ۳٦۹ کەسیان لەژێر ناوی وردە فرۆش و تووشبووی مادەی هۆشبەردا دەستبەسەر کردووە.

عەلیرەزا مەرزبانی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان رایگەیاندووە کە ئەو کەسانە "تووشبووانی ناسراو" و " بێ خانە و پەتیارە" بوونکە لە ماوەی رۆژانەی نەورۆزدا دەستبەسەر کراون کە پاش پشووی نەورۆزی ئازاد دەکرێن.

وتەی ئەو فەرماندەیەی هێزی ئینتزامی لە کاتێکدایە کە فرۆشیارە ناسراو ەکان بە هاوکاری و پشتیوانیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەتایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی کوردستاندا چالاکن.

مستەفا پوورمحەمەدی لەکەسانی پایەبەرزی رژیم رایگەیاندووە کە هەندێ ناوەند وکەسایەتی ناو حکوومەت لە ترانزیتی مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران تێگلاون.

پێشتریش لە مانگی ماری ۲٠۱۲دا وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیننامەیەکدا رایگەیاند کە غوڵامڕەزا باغبانی فەرماندەری سوپای قودس کارئاسانی بۆ هاوردە کردنی مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران دەکات و هاوکات خرابوویە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە دژ بە سەرانی رژیمی ئێران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە