١١ رێکخراوی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی رامین حوسێن‌پەناهی دەکەن

هەنگاو: یازدە رێخکراوی مافی مرۆڤیی کوردستان و ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارە دانی رامین حوسێن پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد دەکەن.

١٢ بانەمەڕ ٢٧١٨، ٢٣:٤١

 

هەنگاو: یازدە رێخکراوی مافی مرۆڤیی کوردستان و ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارە دانی رامین حوسێن پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد دەکەن.

دەقی ئەو بەیاننامەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بەپێی لێدوانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، رامین رۆژی ١١ی بانەمەڕ بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەی، رەوانەی قەرەنتینەی زیندانی سنە کراوە. ئەو حەکمە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە دەرچووە و دواجار لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنە و دیوانی باڵای دەزگای قەزایی ئێران لە شاری قومەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

رامین حوسێن پەناهی، رۆژی یەکەمی مانگی پشووشپەڕی ١٣٩٦ لە شاری سنە دەستبەسەر کراو و لەو کاتەوە هەتا ئیستا لە گرتووخانەی تایبەتیی سوپای پاسداراندا دەستبەسەرە. رامین بە ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی و دژایەتی لەگەڵ رژیمی ئێران تۆمەتبار کراوە.

ئێمە وەکوو واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، وێڕای مەحکووم کردنی ئەو حوکمە ناعادڵانەیە، بڕینەوەی ئەم جۆرە حوکمانە بە پێچەوانەی یاساکان و جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانین و وێڕای داواکاری لە هەمو رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بۆ پێشگرتن بە بەڕیوەچوونی ئەو حوکمە، داوا لە بەرپرسانی وقەزایی و حکوومتی ئیسلامیی ئێران دەکەین ئەو حوکمەی رامین حوسێن پەناهی هەڵبوەشێننەوە.

 

١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ / ٢ی مای ٢٠١٨ی زایینی

 

رێکخراوەکانی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە:

١. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز

٢. گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچستان

٣. کەمپەینی چالاکانی بەلووچ

٤. ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس

٥. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

٦. رێکخراوی خەڵکیی کورمانجی خۆراسان

٧. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

٨. ئەنجومەنی پرۆژەی دێمۆکراتیکی کوردستانی ئێران

٩. چاوەدێری مافی مرۆڤی ئەهواز

١٠. هاوپەیمانیی کورد _ سویس

١١. رێکخراوی کوردۆساید _ چاک


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە