بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی مەریوان حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە ماوەی شەش مانگە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هەواڵی دەستبەسەرکرانی میدیایی نەکراوە.

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٩:٣٣


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە ماوەی شەش مانگە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هەواڵی دەستبەسەرکرانی میدیایی نەکراوە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی بە ناوی " ئارام خوسرەی" تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی نێعمەت، پاییزی ساڵی ٢٧١٩( پایزی ٢٠١٩) لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدایە.


بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارام خوسرەی لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی" سیخۆڕی و هاوکاری لە گەڵحیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.


ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی کە، ئارام خوسرەی ساڵی رابردوو ماوەی چەند مانگێکە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە و پاش دابڕان لەو حیزبە، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سنە لە سنووری مەریواندا لە لایەن ‌هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.


شایانی باسە ئارام خوسرەوی لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و لە کاتی دەستبەسەربوونی تا ئێستاش مۆڵەتی مەرەخەسی پێ نەدراوە.


هەواڵی دەستبەسەر کرانی ئەو لاوە هەتا ئێستا میدایی نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە