بەرپرسی یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی شاری پاوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: بەرپرس و بەڕێوەبەری یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرا

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٢:١٢


هەنگاو: بەرپرس و بەڕێوەبەری یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە هۆی ئەوەی هەواڵی پەیەوەندیدار بە پەتای کۆرۆنای بڵاو کردووەتەوە، دەستبەسەر کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٤ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە چالاکێکی میدیایی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ”سەعید ئەحمەدی“ دەستبەسەر کردووە و لەوکاتەوە چارەنووسی نادیارە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەعید ئەحمەدی بەڕێوەبەری کەناڵی تێلگرامی ”شارەکەم پاوە“ بووە کە نزیکەی ٢٠ هەزار مێمبری هەیە و هەواڵەکانی تایبەت بە پاوە و دەورووبەری ڕووماڵ دەکات.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، سەعید ئەحمدەی بە هۆی بڵاو کردنەوە و ڕووماڵی هەواڵی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا لەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


حکوومەتی ئێران هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان هەوڵی داوە ئاماری ناڕاست لەوبارەوە بڵاو بکاتەوە و ژمارەی تووشبوان و قوربانیان کەمتر بڵاو بکاتەوە. لەوپەیوەندییەدا ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە ڕاستای ئەو سیاسەتەدا چالاکی ناکەن هەوڵ دەدات بە هەڕەشە کردن و دەستبەسەر کردنیان دەنگیان کپ بکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە