نەدانی مەرەخەسی بە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ئورومیە و بڕیاری کوشتنیان لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە

هەنگاو: ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە تا ئێستا مۆڵەتی مەرەخەسییان پێ نەدراوە و راپۆرتەکان باس لەوە ئەکەن کە سەرۆکی دەزگای داد

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٤:٢٩


هەنگاو: ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە تا ئێستا مۆڵەتی مەرەخەسییان پێ نەدراوە و راپۆرتەکان باس لەوە ئەکەن کە سەرۆکی دەزگای دادوەری بڕیاری کوشتنی بەندکراوە ناڕازییەکانی ئەو بەندیخانەیەی داوە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای ئەوەیکە سەرۆکی دادوەریی ئێران، رەشەمەی ساڵی رابردوو لە بەیاننامەیەدا بڕیاری ئازادکرانی ئەو بەندکراوانەی دا کە ماوەی حوکمەکەیان کەمترە ٥ ساڵ بەڵام تاکوو ئیستا ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ئورومیە مۆڵەتی مەرەخەسییان پێ نەدراوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی بەندکراوانی لێکەوتۆتەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورومیە لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند، "مێهر عەلی فەرهەنگ"، بەڕێوەبەری ناوخۆیی بەندیخانە، لە کۆبوونەوەی بەندکراواندا رایگەیاندووە کە" سەرۆکی دەزگای دادوەری بڕیاری دەرکردووە کە هەرکەس ئاژاوە بنێتەوە بیکوژن". دوابەدوای ئەو قسانە ماوەی سێ رۆژە هێزی چەکدار بە ئیسپری، باتووم، ئامێری شۆک و چەک لە ناو بەندیخانەدا دەسووڕێنەوە.


یەکێ لە بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ئورومیە لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە، لیستەی بەندکراوانی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە بۆ مەرەخەسی یان ئازادکران بە هۆی لێبوردنەوە، سەرەڕای رچاوکردنی خاڵەکانی بڕیاری دەزگای دادوەری، دەبێ دادستانیش پەسندی بکات. داخوازیی بەندکراوان حەوتوویەک لە شۆرای ناوەندیی بەندیخانە و حەوتوویەکیش لە نۆرەی پەسندکران لە لایەن سەردۆزگەرەوە دەمێنێتەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا وڵامی ٤ بەندکراو دراوەتەوە.


ئەو بەندکراوە هەروەها وتیشی، بێجگە لەوەیکە بەندکراوانی بەندی سیاسی لە مافی مەرەخەسی بێبەشن، بیانووگرتن و بەربەستدانان بۆ سەریان زیاتر بووە. رۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە، چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی " عەلی ئەحمەد سلێمان"،" ئەحمەد تەمۆیی"، " ئیبراهیم عیساپوور" و " کەماڵ حەسەن رەمەزان" گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورومیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە