بەیاننامەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەبارەی لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی
دوابەدوای بڵاوکردنەوەی خێرای دەستەبسەر کرانی بەندکراوی سیاسی کورد، مستەفا سەلیمی لەلایەن هەنگاوەوە، ئەو ڕێکخراوە لە لایەن میدیاکانی سەر بە حکوومەتی ئێران و تەنانەت هێندێک لایەنی دەرەوەی ئێران بەرەووڕووی شەپۆلێک دژایەتی و تۆمەتی ناڕەوا بوویەوە. لەو چوارچێەوەدا دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو بە پێویستی زانیوە کە لەوبارەوە چەندین خاڵ بخاتە ڕوو؛
_ هەنگاو ڕێکخراوێکی سەربەخۆی مەدەنی و مافی مرۆڤییە کە گرێدراوی هیچ حیزب یان ڕەوتێکی سیاسی کوردستان نیە. دڵنیاشتان دەکەینەوە کە هەموو چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە خۆبەخشانە و خێرخوازانەیە و سەرەڕای کێشەو گرفتی ماڵی هیچ بودجەیەک لەلایەن هیچ حیزب و ڕێکخراوێکەوە وەرناگرین.
_ هێلە گشتییەکانی سیاسەتی هەنگاو لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان هاوڕاستای جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە و بە بێ جیاییکاری و هەڵاواردن ئەرکی خۆی لەو بوارەدا جێبەجێ دەکات. جێگای ئاماژەیە کە هەر بەو هۆیەشەوە لەلایەن هێندیک لە حیزبەکانەوە بەرەورووی سانسۆر و بایکۆت بووەتەوە.
_ هەنگاو سەرباری ئەو تۆمەتانی کە ئاراستەی مستەفا سەلیمی کراوە، لە بنەڕەتدا لە سەر ئەو بڕوایەیە کە لە ڕەوتی دادگایی کردنی ناوبراودا شێوازێکی دادپەروەرانە ڕەچاو نەکراوە و بە توندی لەسێدانەدانی نامرۆڤانەی ناوبراو مەحکووم دەکات.
_ لەبارەی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە یاساییەکانی ئەو باسە، بە هۆی ئاڵۆزبوون و ناڕوونی، هەنگاو بە ڕەچاو کردنی ئەخلاق لەهەرچەشنە باسکردنێکی بەپەلە خۆی دەبوێرێت ڕابووچۆنی خۆی دوای ڕاگەیاندنی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە ڕادەگەینیت. جێگای ئاماژەیە کە هەنگاو لەو پەیوەندییەدا هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەدواداچوون لەڕێگای ڕێکخراوە مەدەنیی و مافی مرۆڤییەکانەوە هەرێمی کوردستانەوە دەخاتە گڕ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نوروژ
١١ی ئاوریلی ٢٠٢٠