رامانێک لە سەر لایەنە یاساییەکانی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران

٢٦ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١١:٠٤


رۆژی شەممە، ٢٣ی خاکەلێوە، بەندکراوی سیاسی، مستەفا سەلیمی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزدا لە سێدارە درا. ئەو بەندکراوە تەمەن٥١ ساڵەیە، ساڵی ٢٧٠٤ (٢٠٠٤) لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر گوودینی بە تۆمەتی " موحاربە لە رێگای تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە گەڵ ‌هێزی ئینتزامی و ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران و لەسێدارەی بە سەردا سەپا. حوکمی یەکەمی پاش تێپەڕاندنی پرۆسەی یاسایی پەسند کرا.

مستەفا سەلیمی پاش تێپەڕاندنی ١٧ ساڵ بەندکران، لە رووداوی شۆڕشی بەندیخانەی سەقز لە رێکەوتی ٨ی خاکەلێوە لەو بەندیخانەیە هەڵدێت و خۆی دەگەیەنێتە گوندی گەرمەکی قەزای پێنجوێنی هەرێمی کوردستان. بنەماڵەی مستەفا لە پێوەندییەکدا لە گەڵ هەنگاو، گەیشتنی ناوبراویان بۆ پێنجوێن پشتڕاست کردەوە. داواکاری گشتیی قەزای پێنجوێن لەم پێوەندییەدا پشتڕاستی کردەوە کە مستەفا سەلیمی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سەرسنوورەوە رادەستی بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێران ئەکرێتەوە. دوای هەواڵی لەسێدارەدرانی بەپەلەی مستەفا سەلیمی و برینداربوونی ویژدانی گشتی، هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەرپرسایەتیی یاسایی چاودێر بە سەر ئەم رادەستکردنەوەیە بە فەرمی لێدوانی نەداوە و بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی تایبەت بۆ پێڕاگەیشتن بەو بابەتە پێکهاتووە.


بەڵام ئەوەیکە ئیستا بۆتە پرسیارێکی گشتی ئەوەیە کە ئایا ئەو رادەستکردنەوەیە لە بنەڕەتدا رەوایە و بە پێی یاسا نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی چاودێر بە سەر رادەستکردنەوەی تۆمەتبارە سیاسییەکاندا رووی داوە؟


رێگەنەدان بە رادەستکردنەوەی تاوانبارانی سیاسی لە مافە نێونەتەوەییەکاندا:
بێجگە لە کونوانسیۆنە ناوچەییەکانی مافەکانی مرۆڤ وەک کونوانسیۆنی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ، لە مافە نێونەتەوەییە گشتییەکاندا رادەستکردنەوەی تۆمەتباران و تاوانبارانی سیاسی بە تەواوی قەدەغە نیە. سەرەڕای ئەوە ئەرکی دەوڵەتەکانە کە لە هەموو رادەستکردنەوەکاندا یاساکانی مافی مرۆڤی رادەستکردنەوەکە بۆ وڵاتی داواکار، لەبەرچاو بگیرێت. ترس لە ئەشکەنجە و بەکارهێنانی سزاگەلی نامرۆڤانە وەک گیان لێ ئەستاندن، لە مادەی ٧ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوی ١٩٦٦ کە وڵاتی عێراقیش واژۆی کردووە، لەو بەربەستانەی رادەستکردنەوەن. شێوازی لێکۆڵینەوەی لێژنەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان لە پەروەندەگەلی رادەستکردنەوەش بۆ ئەو وڵاتەی کە سزای لەسێدارەی هەیە، هەر بەم شێوەیە.


پێویستە بوترێ کە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ساڵی ٢٠١١وە بە فەرمی پەیوەست بووە بە کونوانسیۆنی لابردنی ئەشکەنجەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێی مادەی ٣ی ئەو کونوانسیۆنە، هەرچەشنە رادەستکردنەوەیەک کە کەسەکان بەرەوڕووی ئەشکەنجە و سزای نامرۆڤانە بکاتەوە، قەدەغەیە.



رادەستکردنەوە لە مافە نێوخۆییەکانی عێراق و دۆخی یاسایی هەرێمی کوردستانی عێراق:
دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق تا ئێستا پەیوەست نەبووە بە کونوانسیۆنی پێوەندیدار بە دۆخی پەنابەرانی پەسندکراوی ١٩٥١ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێی یاسا هیشتا ناچار بە جێبەجێکردنی ئەو کونوانسیۆنە نیە. بەڵام لە یاسای نێوخۆیی پێدانی پەنابەریی سیاسی، لە ژێر مادەی ٢١ی یاسای بنەڕەتی و هەروەها یاسای ژمارە ٥١ی پەسندکراوی ١٩٧١ کە هەر ئیستاش پێویستە جێبەجێ بکرێ، پەسند کردووە.


شایانی باسە سەبارەت بە سەرچاوەی یاسایی دیکە، دەبێ ئاماژە بکرێ بە واژۆکردنی رێکەوتننامەی رادەستکردنەوەی دوو لایەنە لە نێوان عێراق و ئێراندا کە بە پێی مادەی ٦١ بەستنی ئەو چەشنە رێکەوتنە نێودەوڵەتیانە بە تەواوی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدڕاڵە. بە پێی بەشی (ث) ی بەندی ئەلفی مادەی ٣ی ئەو رێکەوتننامەیە، دەوڵەتی عێراق یان بە دیاریکراوی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەبوو کە بە پێی یاسایی بنەڕەتیی خۆیان، ئەو رادەستکردنەوەیە رەد بکەنەوە.


لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای ئەوەیکە رێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا بەڕێوە چوو، ئێستاش هەرێمی کوردستان هەروا بەشێکە لە وڵاتی عێراق، کەواتە پێدانی دەسەڵاتی یاسایی بەستراوەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ١٤١ و بەراوردکردنی لە گەڵ بڕگەکانی یاسایی بنەڕەتی عێراقدا. شایانی باسە سەرەڕای ئەوەیکە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نیە کەس رادەستی دەوڵەتەکانی دیکە بکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ هەرێمی کوردستان هاووڵاتییەکی کوردی عێراقی بە پێی داواکاری دەولەتی ئاڵمان رادەست کردەوە کە لەو وڵاتەدا تاوانی کوشتنی ئەنجام دابوو. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەو کارەی بە پێشێلکردنی یاسای ناوخۆیی و دەسەڵاتدارێتی نەتەوەیی عێراق لە قەڵەم دا.


بە سەرنجدان بەو فاکتانەی کە تا ئێستا لەبەردەستدان، رەخنەی نێوئاخنی و رەواڵەتی لە سەر رادەستکردنەوە، بۆ نموونە رادەستکردنەوە کردەیەکی دادوەری و لە چواچێوەی دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵە، بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینی کردەیی و سیاسی، مەبەستی رادەستکردنەوە پێشێلکردنی بەڵێننامە نێونەتەوەییەکانی دەوڵەتی فیدڕاڵە. چوونکە هەرێمی کوردستان پێڕەوی چالاکی یاسای نیونەتەوەیی نیە و ئەوە یاسای ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە کە لێکدانەوەی ئاستی بەرپرسایەتیی باری کەسێتی و یاسایی تاکەکان باسێکی جیاواز هەڵدەگرێ.


فەراز فیرووزی مەندوومی، راوێژکاری یاسایی هەنگاو
١٣/٤/٢٠٢٠

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە