دادوەری دۆسیەی دوو بەندکراوی سیاسی: لێرە من بڕیار دەدەم، بەیانیەی دەزگای دادوەری و لێبوردنی خامنەیی کڕیاری نیە

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە زیاتر لە دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی ئورمیە و کرمان بەندکراون، سەرەڕای ئەوەی کە هەمو ومەرجەکانی ئازادی بە مە

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٢٠:٤١


هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە زیاتر لە دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی ئورمیە و کرمان بەندکراون، سەرەڕای ئەوەی کە هەمو ومەرجەکانی ئازادی بە مەرجیان هەیە، بە هۆی دەستێوەردانی دادوەری دۆسیەکەیان، لەو مافانە بێبەش کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی ”فارۆق شاروێرانی“ و ”ئەمیر پەیغامی“ کە هەر کامەیان حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان لە باشووری ئێرانیان بە سەردا سەپاوە، هەموو مەرجەکانی ئەوەیان تێدایە کە بەر لێبوردنی گشتی و یان ئازادی بەمەرج بکەون، بەڵام بە هۆی ڕێگری دادوەری دۆسیەکەیان، لەو مافانە بێبەش کراون.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو دوو بەندکراوە کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو و دوای تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا مافی مرەخەسییان پێدراوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەکەیان سەردانی دادگای سەربازی شاری ئورمیەیان کردووە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی ئەوەی کرد کە، سەید ئیبراهیم حوسێنی، دادوەری دۆسیەکەیان لە دادگای نیزامی بەو دوو بەندکراوەی وتووە کە : ” ڕاستە کە ئێوە هەموو مەرجەکانی ئازادی بە مەرج یان بەر کەوتنی لێبوردنی گشتیتیان هەیە، بەڵام لێرە من بڕیار دەدەم و بەیانیەی دەزگای دادوەری و لێبوردنی خامنەیی کڕیاری نیە“.


فارۆق شاروێرانی ٢١ی بانەمەڕی ٢٧١٧ (٢٠١٧) و ئەمیر پەیغامی و تاهیر خورشیدی لە ڕۆژەکانی ٨ و ١٠ی جۆزەردانی هەمان ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیە کرابوون.


ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای سەربازی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”ئیبراهیم حوسێنی“ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی شاری کرمانیان بە سەردا سەپا. بەپێی ئەو حوکمە تاهیر خورشیدی حوکمی ٧ ساڵ بەندکران و هەر یەک لە ئەمیر پەیغامی و فارۆق شاروێرانی حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.


جێگای ئاماژەیە کە فارۆق و تاهیر مانگی ڕێبەندانی هەمان سال و ئەمیر پەیغامی مانگی پووشپەڕی ساڵی دواتر بۆ بەندیخانەی کرمان دوور خرانەوە. ئەو سێ هاووڵاتییە پیش دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان بۆ ماوەی ٨ مانگ لە بەندیخانەی ئورمیە و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە بەندکرابوون کە ئەو ماوەیەیان بۆ هەژمار نەکراوە.

تاهیر خورشیدی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی کە مافی مرەخەسی پێدرا، زێدی خۆی بەجێ هێشت و رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە