دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکە بە تۆمەتی هاوکاریی بەندکراوانی هەڵاتووی بەندیخانەی سەقز

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکە کە پێشتر ماوەی ١٥ ساڵ لە بەندیخانەی سەقزدا بەند و دواتر ئازاد کرابوو، بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ بەندکراوانی

٣١ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٤:٣٨

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکە کە پێشتر ماوەی ١٥ ساڵ لە بەندیخانەی سەقزدا بەند و دواتر ئازاد کرابوو، بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ بەندکراوانی هەڵاتوو لە بەندیخانەی سەقز دەستبەسەر کرا.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٣١ خاکەلێوەی ٢٧٢٠( ١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە سەر بڕیاری دادستانی ئەو شارە هێرشیان کردە سەر ماڵی "کامەران عەبدیپوور" و ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون بەڕێ کردووە.

کامەران عەبدیپوور، رۆژی شەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩( ٢ی نوامبری ٢٠١٩) پاش ١٥ ساڵ بەندکران و رەزامەندیی بنەماڵەی قوربانی، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

ناوبراو ١٦ ساڵ لەمەوبەر لە تێکهەڵچوونێکدا لاوێکی بە ناوی " محەممەد عەلیزادە"ی کوشتبوو و پاش دەستبەسەرکرانی، لە لایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە حوکمی کوشتنەوە (قەساس)ی بە سەر دا سەپابوو.

هەنگاو چەند رۆژ لەمەوبەر هەواڵی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی " سەید عەلا حوسێنی"، تەمەن ٦٥ ساڵەی هەر بەو تۆمەتە بڵاو کردبۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە