بڕیار کاوە بەندکراوی سیاسی بە دانانی بارمتە مەرەخەسی پێدرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی مەریوان پاش زیاتر لە سێ مانگ بەندکران و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی مەرەخەسی پێدرا.

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٣:١١


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی مەریوان پاش زیاتر لە سێ مانگ بەندکران و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی مەرەخەسی پێدرا.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمرۆ شەممە، ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠( ٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢٠) ،بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی "بڕیار کاوە"، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی " نێ" ی مەریوان، پاش زیاتر لە سێ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی ماوەی ١٠ رۆژ مەرەخەسی پێدرا.


بڕیار کاوە مانگی رەزبەری ٢٧١٨( ئوکتوبری ٢٠١٨) لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کرا و لە مانگی رەشەمەی هەمان ساڵ ( مارسی ٢٠١٩) لە لایەن دادگای شۆرشی مەریوانەوە بە تۆمەتی "پێوەندی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


ناوبراو رێکەوتی ٢ی رێبەندانی ٢٧١٩( ٢٢ ژانویەی ٢٠٢٠) بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵ حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ناساندبوو.


شایانی باسە بڕیار کاوە پێشتر کە تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی بوو بە هەمان تۆمەت ماوەی ساڵێک لە بەندیخانەدا بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە