بەیانیەی رێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" سەبارەت بە دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانەی شاری بانە
" رێگە مەدەن لە ژێر بێدەنگیی راگەیاندنەکان و ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ کارەساتی مرۆیی دیکە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان روو بدات"
کوتان و لێدان، هێرشی چەکدارانە بۆ سەر ماڵەکان، سووکایەتیکردن، تەقەی بەئەنقەست و بریندارکردنی کەسێک، دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی کورد و هەڵاتنی چەندین کەس لەم رۆژانەدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای کۆماری ئیسلامییەوە رووی داوە بەڵام راگەیاندنەکان و ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئاست ئەم کردەوانەی حکوومەتی ئێراندا بێدەنگ بوون.
لەم دۆخە تایبەتەدا کە هەموو دونیا لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی کرۆنا دان، حکوومەتی ئێران بە قۆزتنەوەی ئەم دەرفەتە دەزگای سێدارە و سەرکوتی خۆی لە کوردستاندا چالاکتر کردووە. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی بانە لە رۆژانی رابردوو لە ژێر گوشار و زەبرێکی زۆردا ساتەکانیان تێپەڕاندووە.
هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران لە شاری بانە بە لەژێرپێنانی گشت بایەخە مرۆییەکان و بەندە یاساییەکان، شەوانە دەرگای ماڵی خەڵکیان شکاندووە و چوونەتە نێو ماڵەکان و بە کوتان و لێدان و پێکهێنانی ترس و تۆقاندن زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی ئەو شارەیان دەستبەسەر و کەسێکیان بریندار کردووە و هەروەها چەند کەسیشیان ناچار کردووە هەڵبێن.
بیدەنگیی راگەیاندنەکان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی ناوچە و سەرتاسەریدا جێگای پرسیارە و بۆتە هۆی ئەوەیکە ناوەندە ئەمنییتییەکانی ئێران لە بانە بە ئاسانی بتوانن هەر تاوانێک کە بیانەوێ ئەنجامی بدەن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی " هەنگاو" بە پێی ئەرک و بەرپرسارێتی خۆی داوا لە سەرجەم ناوەندەکان، راگەیاندنەکان، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و حیزبە سیاسییەکان دەکات کە دەنگی هاووڵاتییانی بێتاوانی بانە بن و رێگا نەدەن حکوومەتی ئێران لە ژێر سێبەری بێدەنگیی ئەوان پەرە بە سەرکوت و تاوانەکانی خۆی لەو شارەدا بدات.