٦ دەروێش بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەرسنووری ئێران بریندار کران
هەنگاو: لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران لە سەر سنوور باشماخ لەو دەروێشانەی کە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشەوای رێباز
هەنگاو: لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران لە سەر سنوور باشماخ لەو دەروێشانەی کە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشەوای رێبازەکەیان دەچوونە سلێمانی، لانیکەم ٦ دەروێش بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٠( ٩ ژوئیەی ٢٠٢٠)، سەدان دەروێش لە پێڕەوانی رێبازی قادری بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد کەسنەزانی، پێشەوای رێبازی قادری دەچوون بۆ سلێمانی، لە لایەن هیزەکانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللە و لانیکەم ٦ دەروێش بریندار بوون.
یەکێک لە دەروێشەکان لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە ٤ دەروێش لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و دوو دەروێشیش بە هۆی کوتان و لێدانی ئەو هێزانەوە بریندار بوون.
ئەو دەروێشە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ، ناوی دوو کەس لەو دەروێشە بریندارانەی بۆ هەنگاو ئاشکرا کرد کە برێتین لە " سەرکەوت یەمەنی" و " فەخرەدین ساڵحی" کە هەردوو خەڵکی مەریوانن.
بە وتەی ناوبراو، هەر چوار دەروێشەکە لاقیان بریندار بووە و سەرکەوت یەمەنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سلێمانی و سێ دەروێشی دیکە بۆ ناوەندی چارەسەری لە مەریوان بەڕێ کراون. هەروەها فەخرەدین ساڵحی نەشتەرگەری بۆ کراوە.
شایانی باسە کە شایەتحاڵەکان ژمارەی ئەو دەروێشانەی کە سەرەڕای ئەوەیکە لە لایەن هێزەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە سەرسنوور رێگرییان لێ ئەکردن و دیسانیش هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بە پێنج هەزار کەس لە قەڵەم ئەدەن.