لە ١٥ ڕۆژدا ٣٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون

هەنگاو: لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی هەر ڕۆژی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

٢٥ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٤:٠٤


هەنگاو: لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی هەر ڕۆژی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٤ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ”سەید کامیل ئەحمەدی“ دەستبەسەر کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەید کامیل ئەحمەدی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر و دوایی دوو حەفتە چارەنووسی هێشتا نادیارە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی ژوئیە (١٥ ڕۆژ)، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە.


بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە شاری شنۆ ٨ هاووڵاتی، لە شاری مەهاباد ٦ هاووڵاتی، لە شاری بۆکان ٤ هاووڵاتی، لە شاری پیرانشار ٣ هاووڵاتی، لە شاری سەردەشت ٢ هاووڵاتی و لە شارەکانی شاباد، جوانڕۆ، کرماشان، نەغەدە، مەریوان، سەقز و سنە هەر کام یەک هاووڵاتی دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە