سوهەیلا حیجاب پاش ٣٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

هەنگاو: سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، دوای ٣٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

٥ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٤:١٣


هەنگاو: سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، دوای ٣٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٤ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، دوای ٣٩ ڕۆژ و جێبەجێ کرانی بەشێک لە داواکارییەکانی یەک لەوان ئازادی خۆشک و براکەی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.


سەرچاوەیەک لە ناو بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ڕۆژی هەینی نزیکەی ٢٥ کەس لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی یتلاعات سەردانی سوهەیلایان کردووە و داوایان لێ کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت و ئەویش بە مەرجی ئازادی خۆشکاکەی حازر بووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.


هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەر کرانی مەجید حیجاب، برای سوهەیلا حیجابی بڵاو کردبوویەوە، بەڵام هەتێستا هەواڵی دەستبەسەر کرانی خۆشکی سوهەیلا میدایی نەبووەتەوە. خۆشک و برای سوهەیلا ئێستا بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.


 سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتبوو.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوهەیلا حیجاب لە کە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو، ئێستا باری تەندروستی جێگیرە، بەو حاڵەش کۆخەی هەیە.


ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە لێکۆڵەری دۆسیەی سویەهلا حیجاب کەسێکە بە ناوی ”ئیمساعیل شەفیعی“ و لەکاتی لێپرسینەوە هەڕەشەی لە سوهەیلا کردووە کە ئەگەر مل بۆ داواکارییەکانیان نەدات، ئەوا لە دۆسیەکەی هەبوونی ١٨ چەک زیاد دەکەن.


ئەو پارێزەرە کوردە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


سوهیەلا حیجاب بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە کە ٥ ساڵی دەبێ جێبەجێ بکرێت.



 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە