هاووڵاتییەکی کورد لە باکووری ئێران لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت، ناوەندی پارێزگای گیلان جێبەجێ کرا.

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٢:٣٤


هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت، ناوەندی پارێزگای گیلان جێبەجێ کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ”مێهرزاد جەلالوەند“ کوڕی ڕەحمەت و تەمەن ٣٣ ساڵە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت (بەندیخانەی لاکان) جێبەجێ کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مێهرزاد جەلالوەند پێنج ساڵ پێش بە شێوەیەکی نەخوازرا کوڕی دراوسێیەکی خۆیانی کوشتبوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی ”کوشتنی ئەنقەست“ حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.


ئەو سەرچاوەیە وتیشی، کوڕی دراوسێکەیان دوو چەقۆی لە باوکی مێهرزاد داوە و ئەویش پاڵی پێوەناوە کە سەری بەر زەوی کەوتووە و تووشێ خوێبەربوونی مێشک بووە و لەئاکامدا گیانی لە دەست داوە.


مێهرزاد جەلالوەند لە کوردەکانی ناوچەی جەلالوەندی کرماشانە کە باو باپیرانی پێشتر بە زۆر بۆ ناوچەکانی باکووری ئێران دوورخراونەتەوە و ئەوان لە شارۆچکەی ”چاف و چەمخانە“ سەر بە قەزای لەنگروود لەپارێزگای گیلان نیشتەجێ بوون.


هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، میدیا حکوومەتی و بەرپرسانی دەزگای دادوەریی حکوومەت هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان ڕانەگەیاندووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە