ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (گەلاوێژی ٢٧٢٠)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٠:٠٦

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٠ ، لانیکەم ١٠٢ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

کۆڵبەران ( ٣٠ حاڵەت)
لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٣٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و هەر ٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. هەروەها ٢٣ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٢ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٨ حاڵەت)
لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لاینکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی برووجێرد، سنە، نەغەدە، ئورمیە و رەشت لەسێدارە دراون کە هەموویان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو.

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا گیان لە دەست دانی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران تۆمار نەکراوە.


کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٤ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ٢ هاووڵاتیی لە سنوورەکانی سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

هەروەها، دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە شارەکانی کرماشان و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.


دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٥٥ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٧ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی سەرجەم حوکمی ٥٨ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

کرێکاری (٥ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانیکەم پێنج کرێکاری خەڵکی شارەکانی ئیلام، شنۆ، کیەڵان، سەقز و دیواندەرە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە