هاووڵاتییەکی کورد لە قوروە دەستبەسەر کرا
هەنگاو: لاوێکی قوروەیی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراوە.
٢ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٣:٤٥
هەنگاو: لاوێکی قوروەیی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراوە.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی رۆژی شەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٠( ٢٢ی ئاگوستی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "یەلغووز ئاغاج" و هاووڵاتییەکیان بە ناوی " عوسمان تەهماسبی" تەمەن ٣٠ ساڵ، دەستبەسەر کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بێ هیچ چەشنە مۆڵەتێکی دادگا دەرگای ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان شکاندووە و پاش دەستبەسەرکرانی ناوبراو ماڵەکەشیان پشکنیوە.
شایانی باسە هەتا کاتی ئامادەکرانی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەرکرانی عوسمان تەهماسبی و ئەو تۆمەت یان تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، بۆ هەنگاو روون نەبۆتەوە.