دەستبەسەرکرانی سێ کاسبکاری مەریوانی لە لایەن هێزەکانی سنووری باشماخ
هەنگاو: سێ کاسبکاری خەڵکی مەریوان پاش بانگکران بۆ پاسگای "بەردەڕەشە" دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونەتەوە.
هەنگاو: سێ کاسبکاری خەڵکی مەریوان پاش بانگکران بۆ پاسگای "بەردەڕەشە" دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونەتەوە.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەند رۆژ لەمەوبەر، سێ کاسبکاری لاوی مەریوانی بەناوەکانی " سوهەیب کاوە" تەمەن ٣١ ساڵ، " رێبوار ئەرژەنگی" تەمەن ٣٠ ساڵ و " محەمەد ئەرژەنگی" تەمەن ٢٥ ساڵ کە هەر سێکیان خەڵکی گوندی "نێ" بوون، پاش بانگکران بۆ پاسگای بەردەڕەشە لە ٤ کیلۆمێتری سنووری باشماخ، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان بەڕێ کراون.
نزیکانی بنەماڵەی ئەو دەستبەسەرکراوانە لە پێوەندییەکدا لە گەڵ هەنگاو رایانگەیاند کە، رۆڵەکانیان تەنیا خەریکی کاسبیی خۆیان لە سنووری باشماخ بوون بەڵام چەند کاسبکاری دیکە کە لە دەست و پێوەندییەکانی هێزەکانی ئێران لە سنووری باشماخن و لە هەمبەر بوونی ئەوان لەو ناوچەیدا ناڕازی بوون، راپۆرتێکیان داوە بە هێزەکانی حکوومەتی و وتوویانە کە ئەوانە چەتە و شەڕفرۆشن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە وتی کە، ئەو کاسبکارانەی سەر بە هێزەکانی سەرسنوور بەرتیلی زۆریان بە دادگا و پاسگای بەردەڕەشە داوە تا دۆسیەیەک دژ بەو کاسبکارە دەستبەسەرکراوانە بکەنەوە و تۆمەتی "چەتە و شەڕفرۆش" بخەنە پاڵیان.
سەرچاوەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە چەندین کاسبکاری دیکەی خەڵکی نێ لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لە لایەن پاسگای بەردەڕەشەوە بانگ کراون، بەڵام تا ئێستا خۆیان بەو پاسگایە نەناساندووە.
شایانی باسە کە بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دەستبەسەرکراوانە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی رۆڵەکانیان تا ئێستا بێ ئاکام بووە.