هەوڵەکانی دەنگ و ڕەنگی ئێران بۆ ڕەوایی دان بە حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی

هەنگاو: دەنگ و ڕەنگی پارێزگای سنە بە ئامادە کردن و بڵاوکردنەوەی بەرنامەی تایبەت دەیهەوێ بیرڕای گشتی بپ جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی حە

٣ خەرمانان ٢٧٢٠، ٠٧:٠٠

 

هەنگاو: دەنگ و ڕەنگی پارێزگای سنە بە ئامادە کردن و بڵاوکردنەوەی بەرنامەی تایبەت دەیهەوێ بیرڕای گشتی بپ جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی ئامادە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەنگاو دەستی بە وردەکاری دۆسیەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کەوتووە کە دەری دەخات لە پرۆسەی دادگایی کردن کەمترین مافی ناوبراو ڕەچاو نەکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەنگ و ڕەنگی پارێزگای سنە بە ئامادە کردن و بڵاو کردنەوەی چەند پرۆگرامێکی تایبەت لە سەر دۆسیەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد کە حوکمی سێدارەی هەیە، دەیانهەوێ بیروڕای گشتی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی ئامادە بکەن.


لەو بەرنامانەدا بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە ٤ ساڵ پیش لە کامێران کوژراون خوازیاری جێبەجێ کردنی حوکمی قەساس و لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆی دۆسیەکەی حەیدەر قوربانی بە سرنجدان بەو بەڵگانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، دەرخەری ئەوەیە کە ناوبراو لە پرۆسەی دادگایی کردنی  لە کەمترینی مافی خۆی بێبەش کراوە.


بەپێی ئەو بەڵگانە، بازپۆرسی لقی یەکی کامێران دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧١٧ (زستانی ٢٠١٧)، بڕوای بە تاوانبار بوونی حەیدەر قوربانی لە سەر تۆمەتی بەغی نەبووە و جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە هیچ جۆرە بەڵگەیەک لە سەر ئەوەی ئەو کەسانە ویستبێتیان شۆڕشی چەکدارانە دژ بە حکوومەت بکەن لە بەر دەست دا نییە. سەرباری ئەمەش داواکاری گشتی بە تۆمەتی ”بەغی“ و بە بی ڕەچاوکردنی ماددەی ٢٦٩ی یاسای دادگایی کردنی تاوانەکان دۆسیەکە بۆ دادگای شؤڕش گوازراوەتەوە. بەپێی ئەو ماددەیە ئەگەر داواکاری گشتی و بازپۆرس لە سەر خاڵێک ناکۆک بوون دەبێ دادگایەکی دادپەروەر بۆچوونی داواکاری گشتی پشتڕاست بکاتەوە کە ئەم خاڵە لە دۆسیەکەدا پێشێل کراوە. خاڵێکی دیکە کە جێگای ئاماژەیە ئەوەیە کە بۆچوونی داواکاری گشتی لە ناو دۆسیەکەدا نیە و ئەمەش دەری دەخات کە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە زارەکی ئەو بۆچوونەی دەربڕیوە.

 

هەروەها، حەیدەر قوربانی بە پێی ماددەی ٢ی خاڵی ١٩٠ی یاسایی دادگایی کردنی وڵات لە مافی دەستپێڕاگەیشتین بە پارێزەر بیبەش بووە و پارێزەری ناوبراو یەک ساڵ دوای ئەوەی کە حوکمی ”بەغی“ بە سەردا سەپاوە دیاری کراوە .


تەواوەتی دۆسیەکە و نەبووی بۆچوونی داواکاری گشتی، ون بوونی بەشێک لە وتەکانی تۆمەتبار و ناڕێکووپێکی بەرهەست لە ڕێکخستنی دۆسیەکە و بەڵگەنامە پەیوەستەکانی دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە زۆربەی بەڵگەکانی دۆسیەکە ناڕاست و قسەی کارناسانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بوون.


ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندووە.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری “سەعیدی” بە تۆمەتی "بەغی" و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠) لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە