دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە مەهاباد
هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
١٦ خەرمانان ٢٧٢٠، ٠٨:٤٤
هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٤ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی ”سولەیمان کەریم پوور“ و ”خالید محەمەدزادە ئەقدەم“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کە خەڵکی گوند خوڕخوڕە بوون، لە کاتی کاری کشت و کاڵی و بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.
دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەو دوو هاووڵاتییە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووسیان هێشتا نادیارە.