راگەیەندراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٠٩:٠٨

 

مافەکانی مرۆڤ ئەو مافانەن کە هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازیی رەچەڵەک، نەتەوە، زمان، رەگەز و ئایین لێی بەهرەمەندن . بە واتایەکی دیکە مرۆڤ بە هۆی بەهرەمەندی لە کەرامەتی سروشتی و مرۆڤ بوون، بە شێوەی سروشتی ئەو مافانەی هەیە. هەر لەم راستایەدا بوو کە مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ و بڕیارەکانی مافە نێونەتەوەییەکانی چاودێر بە سەر لەبەرچاوگرتنی ئەم مافانە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە هاتە ئاراوە. جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرەوەی ئەو بڕیاراتەیە کە دەوڵەتەکان وەک ئەکتەری سەرەکیی مافە نێودەوڵەتییەکان ئەرکدار ئەکات بە لەبەرچاوگرتنی پێوەرگەلی جیهانی بۆ پاراستنی کەرامەتی سروشتیی مرۆڤەکان. سەرەڕای ئەم بڕیارە نێودەوڵەتیانە، رۆژانە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دەبینین. لەم نێوەدا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکێک لە پێشێلکەرە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای جیهانییە. 

پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، منداڵان، کرێکاران و توێژەکانی دیکە، لەسێدارەدانی سەرەڕۆیانە، پێشێلکردنی ئازادیی بەیان و بیر و باوەڕی کەمینە ئایینییەکان، نکۆڵی کردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەشداری سیاسیی کەمینە نەتەوەییەکان و ..بەردەوام سیاسەتی ئاشکرای فەرمی ئەو دەوڵەتە بووە. لەم نێوەدا بنکە و رێکخراوەکانی تایبەت بە بواری مافەکانی مرۆڤ هاوکات لە گەڵ هاندان و پەرەپێدانی بایەخەکانی مافەکانی مرۆڤ، رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە لەقاودان و گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا. 

 ئێمە وەکوو رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەوڵمان داوە کە بە پێی پڕنسیپەکانی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەخلاق و پڕنسیپی پیشەیی، بەردەوام چاودێری سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا بین. ئێمە بە تەواوی جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە کە گشتێتیی سیستەمی کۆماری ئیسلامی  پێشێلکەری مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی ئێرانە. باوەریشمان وایە کە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و شەڕ لە کوردستاندا بەردەوام بە شێوەی سیستماتیک رووی داوە. بەڵگەی ئاشکراش بۆ ئەمە، بە سزا نەگەیشتنی تاوانباران پاش دەرکردنی فتوای خومەینی دژی خەڵکی کوردستان و ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان ئەنجام دران و ئەو نادادپەروەرییانەی کە لە هەمبەر بنەماڵەی قوربانییەکان کران. کولتووری بەسزا نەگەیشتن و نەبوونی یاساسەروەری لە کوردستان بەردەوامە و ئێمە شاهێدی کوژرانی رۆژانەی کۆڵبەران و لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستانین. 

لەم راستایەدا هەنگاو لە پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا وێڕای ئیدانەکردنی توندی کارنامەی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ دەدات کە لە داهاتوودا وێڕای پەرەپێدان بە چالاکییەکانی لە پێوەندی لە گەڵ یارمەتیدان بە هاندان و پەرەپێدانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە کوردستان، بە بەشداری لە کۆڕ و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لە هەر شێوازێکی بەردەست کەڵک وەربگرێ بۆ گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەم پێناوەدا هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ.


لێژنەی بەرێبوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ / ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە