لاوێکی خەڵکی سنە لە تاران کوژرا

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی سنە کە لە مێوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کرابوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران کوژرا.

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٢:٥٤

 

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی سنە کە لە مێوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کرابوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، هێزە ئینتزامییەکانی شاری شاریار سەر بە پارێزگای تاران لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنەیان بە ناوی ”کەژوان ئەڵماسی“ لە مێوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کردووە و دوای دەستبەسەر کران لە پشتەوە تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەڵماسی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هێزە ئینتزامییەکان لە پشتەوە تەقەیان لە کەژوان کردووە و بنەماڵەکەی لە دادسەرای سەربازی شاریار سکاڵایان لەسەر ئەو سەربازەی کە تەقەی کردووە تۆمار کردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە لاوێکی دیکەش لەگەڵ کەژوان بووە کە ئەویش بریندار کراوە.

تەرمی کەژوان ئەڵماسی ئەمڕۆ دووشەممە دوای تەواوبوونی کاروباری یاسایی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

کەژوان ئەڵماسی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی ئیقباڵ، خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران بووە کە کە لە ڕێستورانێک سەرقاڵی کار کردن بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە