دەستبەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لە یەکێک لە گوندەکانی سەوڵاوا
هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەوڵاوا دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی دێوەزناویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
١١ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١١:١٤
هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەوڵاوا دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی دێوەزناویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەوڵاوا هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی دێوەزناو و دوو هاووڵاتییان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەواڵنێیری هەنگاو لە سەوڵاوا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە سامان ئەسەدحەکیم تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و محمد شەفیع زادە تەمەن ٣٥ ساڵ و خێزاندار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.