ئورمیە/گیان لەدەستدانی بەندکراوێک بە هۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندی چارەسەریی پزیشکی

هەنگاو: بەندکراوێکی لاو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە هۆی دێر گواستنەوە بۆ ناوەندی چارەسەریی پزیشکی گیانی لە دەست دا.

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٢١:٢٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی لاو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە هۆی درەنگ گواستنەوە بۆ ناوەندی چارەسەریی پزیشکی گیانی لە دەست دا.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠( ١١ی نوامبێری ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی لاو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە ناوی " سادق مەلەکی" بە هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی بەندیخانەکە درەنگ گواستوویانەتەوە بۆ ناوەندی چارەسەری پزیشکی، لە کاتی گواستنەوە گیانی لە دەست دا. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە، سادق مەلەکی رۆژی شەممە ١٧ی خەزەلوەری ٢٧٢٠ ( ٧ی نوامبێری ٢٠٢٠) لە کاتی پشکنینی بەندی لاوەکان لە لایەن هێزی تایبەتی بەندیخانەکەوە و بە هۆی ترس لەوەیکە دۆسیەی بۆ ساز بکەن، بڕێکی مادەی هۆشبەری لە جۆری شیشەی قوورت داوە. 

سەرچاوەکە لە درێژەدا وتی کە هێزەکانی ئەمنییەتیی بەندیخانە پاش ئاگاداربوون لەم کردەوەیەی سادق، ناوبراویان گواستەوە بۆ قەرەنتینەی بەندیخانە. لە رۆژانی رابردوودا سەرەڕای ناجێگیر بوونی باری تەندرووستیی سادق، بەرپرسانی بەندیخانە مۆڵەتیان نەداوە ناوبراو بە مەبەستی شۆردنی گەدەی بگوازرێتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەانی دەرەوەی بەندیخانە و ئەوەش بۆتە هۆی مەرگی ناوبراو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە