بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی خوڕەماوا لە ژێر ئەشکەنجە کوژرا

هەنگاو: هاووڵاتیەکی خەڵکی هەرسین و دانیشتویی نورئاباد سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندی خوڕەماوا لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا.

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٥:٥٢

 

هەنگاو: هاووڵاتیەکی خەڵکی هەرسین و دانیشتویی نورئاباد سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندی خوڕەماوا لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی هەرسین و دانیشتووی نورئاباد بە ناوی فەرهاد وسوقی لە بەندیخانەی ناوەندیی خورەماوا لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانە کوژراوە.

برای فەرهاد وسوقی وێرای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە چاوی بە تەرمی براکەی لە پزیشکی دادوەری خورەماوا کەوتووە و ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بووە و بێ بەزەییانە ئەشکەنجه کراوە.


فەرهاد وسوقی ٢٧ ساڵ، باوکی منداڵێکی تەمەن سێ مانگەو لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرسین لە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی گوندی تەنگە بەری شاری نورئابادە لە پارێزگای لوڕستان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرهاد وسوقی نزیک بە سێ حەوتوو لەمەوپێش بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی هاووڵاتیەکی خەڵکی نورئاباد بە ناوی حوسێن جوزی دەستبەسەر و لە رۆژی دووهەمی دەستبەسەرکران تا وەکوو رۆژی کوژرانەکەی لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە.


ئەو سەرچاوە لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە حوسەین جوزی یەکیک لە چالاک و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بووە کە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە رفێنردراو کوژراوە بۆ شوێن گومکردنی ئەم قەتڵە، دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی وسوقیان بە تۆمەتی کوژرانی ئەو کەسە دەستبەسەر کردووە.

شایانی باسە برایەکی دیکەی فەرهاد بە ناوی مستەفا وسوقی نزیک بە سێ مانگە بە تۆمەتی کوشتنی ئەو چالاکە نورئابادیە دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ناوەندی خورەماوا ڕاگیراوە.


بنەماڵەی وسوقی ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی خەزەڵوەر، تەرمی کوڕەکەیان لە پزیشکی دادوەری خورەماوا وەرگرتووە.
 

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاندوە کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، دوای کوژرانی فەرهاد وسوقی و بڵاو بوونەوەی هەواڵەکەی لە نێو بەندیخانەی خورەماوا تێکهەڵچوون ڕووی داوە و هێزە ئەمنیەتیەکانی بەندیخانە هەڵیان کووتاوەتە سەر بەندکراوان.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە