ئورومیە/ هاووڵاتییەکی کورد پاش شەش مانگ دەستبەسەرکران گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورومیە کە ٦ مانگ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، گوازرایەوە بۆ ب
٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٢:١١
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورومیە کە ٦ مانگ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ ( ١١ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی " عەبدولغەنی دەروێشی" خەڵکی شارۆچکەی "بالوو" پاش ٦ مانگ دەستبەسەرکران گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورومیە.
بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەبدولغەنی دەروێشی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورومیەوە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) دەستبەسەر کرا.
شایانی باسە ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.