ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (خەزەڵوەری ٢٧٢٠)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:٥١

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی خەزەلوەری ٢٧٢٠ ، لانیکەم ٩٠ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

کۆڵبەران ( ١٨ حاڵەت)
لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٨ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست. پێنج کەس لەو شەش کەسە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا گیانیان لە دەست داوە.

 هەروەها ١٢ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٠ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە و دوو کەسیش بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٨ حاڵەت)

لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لاینکەم ٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە و خوڕەمئاوا لەسێدارە دراون. پێنج کەسیان بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست و کەسێکیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مادده سڕکەرەکان ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو.


لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەکانی خوڕەمئاوا لە ژێر ئەشکەنجە کوژراوە و بەندکراوێکیش لە ئورمیە بە هۆی درەنگ گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەست داوە.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٧ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، پێنج هاووڵاتیی کورد لە سنوورەکانی کرماشان، ئیلام، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار به هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە کەسێکیان گیانی لە دەست داوە.

هەروەها، دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە شارەکانی بانه و سەوڵاوا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.


دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٥٤ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان مێرمنداڵ بوون.

هەروەها، حەوت هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم حوکمی ١١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (٣ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانیکەم ٣ کرێکاری خەڵکی شارەکانی پاوە، مەریوان و سنە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە