ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە

٢٠ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:٠٤

 

مافی مرۆڤ، مافێکە کە سەرجەم مرۆڤەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی تۆرەمە، نەتەوە، زمان، ڕەگەز، ئایین و ... خاوەنی ئەو مافەن. بە وتەیەکی تر، مرۆڤ بە هۆی ئەوەی خاوەنی کەرامەتی جەوهەرییە و بە هۆی مرۆڤ بوونەوە بە شێوەی سروشتی خاوەنی ئەو مافانەیە. بەم پێیەش مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤ و پێویستییە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای جێبەجێ کردنی ئەو مافانە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بیچمیان گرتووە.

لە سەرووی ئەم بەڵێنانەوە، جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە کە پێوەرگەلێکی جیهانگیری بە لەبەرچاوگرتنی کەرامەتی جەوهەریی مرۆڤ، لەسەر دەوڵەتەکان وەک ئەکتەرانی سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتی، فەڕز کردووە. جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، لەسەر بنەمای هزری هەبوونی کۆمەڵێک لە بایەخە مرۆڤییەکان داڕێژراوە کە هی جەوهەری مرۆڤن. بەڵام سەرەڕای ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییانەش، ڕۆژانە شاهیدی پێشێلکرانی مافە ئینسانییەکانی تاکەکان لە سەرانسەری جیهان لە لایەن دەوڵەتەکانەوەین. لەم نێوانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەمووکات یەکێک لە بەدناوترین پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بووە.


بە داخەوە سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر پەسندکرانی ئەم جاڕنامەیە لە لایەن ئەنجومەنی گشتیی ڕێکخرای نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، پێشێلکرانی مافەکانی ژنان، مناڵان، یەکێتییە کرێکاری و پیشەیییەکان، لە سێدارەکانی سەرەڕۆیانە، ڕێز نەگرتن لە ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕینی کەمینە ئایینییەکان و بە ڕەسمی نەناسینی مافی دیاری کردنی چارەنووس و بەشداریی سیاسیی کەمینە نەتەوەییەکان، هەر وا بەبەردەوامی درێژەی هەیە.

 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جارێکی دیکە هاوکات لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر بایەخە جیهانگیرەکانی مافەکانی مرۆڤ، سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لە پێشێلکرانی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ ئیدانە دەکات و خوازیاری سەرنجی زیاتری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بۆ سەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەتیش پێشێلکرانی لە ڕادەبەدەری مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە