نوێترین زانیارییەکان لەسەر بارودۆخی دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییەی کوردستان

هەنگاو: لە پاش دەست پێ کردنی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤ ها

٢٩ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٨:٢٤

 

هەنگاو: لە پاش دەست پێ کردنی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کرابوون کە تا ئێستا ٣١ کەسیان هەر وا دەستبەسەرن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٨ی ژانویەی ٢٠٢١)، فەردین ئەدوایی خەڵکی گوندی سلێنی سەر بە شاری سەوڵاوا، لە پاش بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە درێژەی دەستبەسەرکرانەکانی ئەم دوایییە و بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەر لە ڕۆژی یەکەمی دەست پێ کردنی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان واتا ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار (٩ی ژانویە)، کچێکی خەڵکی مهاباد بە ناوی "ئەسرین محەمەدی" و هاووڵاتییەکی خەلكی مەریوان بە ناوی "فەرامەرز" (نازناوی ئاشکرا نەکراوە)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ئورمیە و سنە.

دەستبەسەرکراوانی شارەکانی بۆکان، مهاباد، ڕەبەت و نەغەدە لەگەڵ دوو خوێندکاری دەستبەسەر کراو لە کەرەج گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا لە ئورمیە و دەستبەسەرکراوانی مەریوان، سەوڵاوا و سنەش گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەری ئیتلاعاتی سپا لە سنە.

لە ٣٥ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی ئەو ماوەیە، سێ کەسیان ئازاد کراون. "تەرانە محەمەدی" خەڵکی بانە و "کارۆ عەلیداد" خەڵکی مەریوان هەر هەمان ڕۆژی دەستبەسەرکرانیان ئازاد کران و "سەلمان ئەدوایی" شەش ڕۆژ دوای دەستبەسەر کرانی ئازاد کرا.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، سەرجەم ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتماوەدا و بە زمانی فارسی بنەماڵەکانیان لە دەستبەسەر کرانیان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام هیچکام لە بنەماڵەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە مناڵەکەیان ببینن.
ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش باسیان لە دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیمان عەبدی و حەسەن عەبدی لە شاری مەهاباد کردووە بەڵام هەنگاو لە پاش بەدواداچوون لێی ڕوون بووەوە کە ئەم دوو ناوە هەر یەک کەسن.

ناسنامەی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون و بە هەنگاو ئاشکرا بووە بە شێوەی خوارەوەیە؛

مەهاباد: ١_ دەریا تاڵەبانی ٢_ شەپۆل خزری ٣_ سۆران حوسێن زاده ٤_ سالار ڕەهوی ٥_ ئەفشین مام ئەحمەدی ٦_ سیروان نووری ٧_ ئیمان عەبدی ٨_ فەرزاد سامانی (لە کەرەج دەستبەسەر کراوە) ٩_ سۆران محەمەدی ١٠_ ئەمیر بایزیدی ئازەر ١١_ ئەسرین محەمەدی (لە تاران دەستبەسەر کراوە)

مەریوان: ١_ زانیار موعتەمدی ٢_ کاروان مینوویی ٣_ دانا سەمدی ٤_ سیروان کەریم زاده ٥_ جەبار پیرووزی ٦_ کارۆ عەلیداد (ئازاد کراوە) ٧_ سوهەیب بادرووج ( لە کەرەج دەستبەسەر کراوە) ٨_ عادڵ پەروازە  ٩_ فەرامەرز (لە تاران دەستبەسەر کراوە)
سەوڵاوا: ١_ سەلمان ئەدەوایی ٢_ سیامەک ئەدوایی ٣_ ئەکرەم ئەدوایی ٤_ فەردین ئەدوایی
ڕەبەت: ١_ بەهمەن یوسف زاده ٢_ فەرەیدوون موساپوور ٣_ فەرهاد موساپوور
نەغەدە: ١_عەبدوڵڵا حاجی ئەحمەدی ٢_ پەیام حاجی ئەحمەدی ٣_ گەلاوێژ عەبدوڵڵاهی
بۆکان: ١_ عەزیمە ناسری ٢_ حوسێن گەردشی
سنە: ١_ ئارام یووسفی
بانه: ١_ تەرانە محەمەدی (ئازاد کراوە)


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە