گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەر گرووپی مۆسیقای ژنانی گلاریسی کرماشان و دەستبەسەر کرانی دوو ئەندامی ئەم گرووپە

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەر گرووپی مۆسیقای ژنانی گلاریس لە کرماشان زیادی کردووە و جیا لە دەستبەسەر ک

١ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١١:١١

 

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەر گرووپی مۆسیقای ژنانی گلاریس لە کرماشان زیادی کردووە و جیا لە دەستبەسەر کرانی دوو ئەندامی ئەم گرووپە سەرجەم ئەندامانی گرووپەکە بانگ کراون بە بەڵێننامەیان پێ واژۆ کردوون.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٦ی ژوئیەی ٢٠٢٠) دوو کەس لە ئەندامانی گرووپی مۆسیقای ژنانی "گلاریس" لە کرماشان، لە پاش بانگ کرانیان بۆ "پۆلیسی ئاسایش"ی هێزی ئینتزامیی ئەم شارە دەستبەسەر کران و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا.

هەواڵنێری هەنگاو لە کرماشان ڕایگەیاند ئەم دوو کەسە کە دەنگبێژ و ئاوازخوێنی گرووپەکەن، ناویان "نازەنین ئەتابەکی" و "نەسرین یەزدانیپوور"ە و هەر ئەو ڕۆژەش لە پاش لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان ئازاد کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران بە بێ ئاماژە کردن بە ناوی ئەم گرووپی مۆسیقایە، هەواڵی دەستبەسەر کرانی دوو ژنیان بە تۆمەتی (وەک ئەوان نووسیویانە) "ئاکاری دژە باو" بڵاو کردبووەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند دەستبەسەر کرانی ئەم دوو ئەندامەی گرووپی گلاریس لە پاش ئەوە هات کە لە بەرهەم هێنانی کلیپێکی کورتی ڕێکلام بۆ مۆبلمان فرۆشییەک بەشدار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادر لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەندامانی گرووپەکە کە پێکهاتوون لە نازەنین ئەتابەکی، سەمیرا فەرەحناکی، مەلیحە مورادی، نەسرین یەزدانیپوور و  ئیلهام یەزدانیپووریش وەک سەرپەرشتیاری گرووپەکە، چەندین جار بانگ کراونەتە دەزگا ئەمنییەکان و بە نووسراوە بەڵێنیان لێ وەرگرتوون کە لەمەودوا لەم جۆرە کلیپانەدا بەشدار نەبن.

هەنگاو زانیویەتی مەرجان کەرەمجانییش کە یەکێکی دیکە لە ئەندامانی گرووپی مۆسیقای گلاریسە، ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، چالاکیی هونەریی لێ قەدەغە کرابوو.


گرووپی ژنانی گلاریسی لە ساڵی ٢٧١٧ لە کرماشان دامەزراوە و لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردیدا چالاکی دەکات و تا ئێستا چەندین کۆنسێرتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە