دەستبەسەر کرانی ٨ هاووڵاتیی کورد لە شنۆ

هەنگاو: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە دەستبەسەر کرا

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٨:٠٧

 

پشتیوانی هەنگاو بن

هەنگاو: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە دەستبەسەر کراون و ئەگەری هەیە ژمارەی دەستبەسەر کراوان زیاتریش بێت.

بە گوێڕەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢١) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "شاوانه"ی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی "فەیسەڵ عەلی ئابادی" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هەر ئەو ڕۆژەش چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شۆڕش بەرهەم"، "جەماڵ نەهالی"، "سەید لوقمان تاهیری" و "غەفوور ئەسپەندار" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها ئێوارەی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندانیش (٣٠ ژانویە)، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "جەماڵ قاسمی" و "جوبرەئیل شەعبانی" و ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان (٣٠ ژانویە) هاووڵاتییەکەی خەڵکی شنۆ بە ناوی "شەفیع شێخە"، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵی هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو هەشت کەسە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێ دەرئەنجام بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە