عەلی ئەحمەد سلێمان، پاش پازدە ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد بوو

هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لە پاش پازدە ساڵ بەندکران لە بەندیخانە ئازاد کرا.

٤ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١٥:٥٣

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لە پاش پازدە ساڵ بەندکران لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بە گوێڕەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافیی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەمممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٢٢ی فێوریەی ٢٠٢١)، عەلی ئەحمەد سلێمان، بەندکراوی سیاسیی کورد کە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانە، لە پاش ١٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

عەلی ئەحمەد سلێمان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٠٥ (١٧ی نۆڤامبەری ٢٠٠٥)، لە ناوچەی تەرگەوەری ئورمیە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوەی دەستبەسەر کرا و هەر ئەو ساڵە لە لایەن دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک)، سزای پێنج ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە و بە تۆمەتی بڕینی سنووری ئێران بە شێوەی نایاسایی سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

لە پاش کۆتایی هاتنی ماوەی بەندکرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ساڵی ٢٧١٢ دا لە ژێر گوشاری سپای پاسداران، دۆسیەیەکی دیکە لە دژی ناوبراو کرایەوە و لە ئەنجامدا لقی ١٢ی دادگای ئورمیە، عەلی ئەحمەد سلێمانی بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپای پاسداران، سزای دوو جار سێدارەی بەسەردا سەپاند.

دواتر ئەو بڕیارە بە ڕەزامەندیی بنەماڵەی دوو کوژراوەکە کرایە دانی دیە و سزای ٩ ساڵ و شەش مانگ بەندکران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە